پەرلەمانتارێک: چاوەڕێی پێدانی دوو مووچە بووین

پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەڵێت: چەند ڕۆژێکە دەمزانی کە لەماوەیەکی کەمدا پارەی موچە دەخرێتە سەر حسابی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەمویست مژدەی ئەوە بدەم بە هاوڵاتیان دوو موچە وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم دەڵێت پارەکە بۆ ئەو موچەیەیە کە پێش دوو هەفتە وتم حازرە.


دکتۆر ڕێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەسەر پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە لەسەر ئەوەی لێدوانی دژ بەیەک لەسەر موچەی فەرمانبەران دەدات.

دکتۆر ڕێبوار، لە نووسینەکەدا دەڵێت: چەند ڕۆژێکە لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتم و ئاگادارم، کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئیمزاکراوە و پێیان وتم بە ئەگەری زۆر ناوەراستی هەفتەی داهاتوو دەخرێتە سەر حسابی هەرێم، منیش خۆم دانابوو مژدەی ئەوەتان پێبدەم کە مادام حکومەتی هەرێم پێش ١١ ڕۆژ وتی 'موچە حازرە و هەفتەی داهاتووش پارەیەکیتر لەبەغداوە دێت، کەواتە ئیتر دوای ئەم قەدەغەی هاتووچۆیە دوو موچە وەرئەگرن و سەبرەکەتان بە زایە ناچێت.

دەشڵێت: بەڵام بەداخەوە ئەم بەیانیە حکومەتی هەرێم ڕێی ئەو مژدەیەی لێگرتم و وتی ئەو پارەیەی، کە هەفتەی داهاتوو لەبەغداوە دێت بۆ ئەو موچەیەیە کە پێش دوو هەفتە وتم حازرە بەس حازر نەبوو.

لەدرێژەی نووسینەیدا، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوو لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەڵێت: ئێوە تەنها یەک ڕۆژ پێش قەدەغەی هاتووچۆ وتتان موچە حازرە، کێشەکەمان ئەوەیە پشووەو دواتریش قەدەغەی هاتووچۆی هاتەسەر، ئێوە وتتان کێشەی موچە نییە و ئەگەر لیژنەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ڕەزامەند بێت ئەتوانین دابەشیبکەین، ئێوە هەر دوێنێ وتتان سەرقاڵی ئەوەین موچەکەتان پاک پاک بۆ بشۆین و بەڕێگەی حەواڵە ماڵ بە ماڵ بەسەرتان دابەشی بکەین، ئەمانەی سەرەوە قسەی خۆتانەو لە میدیا ماوە، خەڵک بیری ماوە و هێشتا زووە وەک بابەتەکانیتر بیری بچێتەوە.

لەکۆتایدا دەڵێت: بەڕاست ئەمشەو چی ڕوویدا وا ئێستا ئەڵێن موچە نییەو چاوەرێی بەغدان!!، خۆ پارەی بەغدا ۱٥ ڕۆژ جارێک نایەت!، ئەوەی کە بۆتان ناکرێت تکایە مەیڵێن، ئەوەی ئێوە ئەیکەن بەهیچ پێوەرێک ڕاست نییە.

د.ع