پێنجشەممە, 6 سبت 2018 – 15:01 ڕۆژنیوز ـ خانەقین
شەوی ڕابردوو، لە سنوری شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، گەنجێک بەناوی ” هەڤاڵ جەماڵ عەلی”، لە دایکبوی ساڵی ١٩٩٦، دانیشتووی گوندی ساڵح ئاغا کوژرا.
بەوتەی عەلی جەمال، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز، لە گوندی ساڵەح ئاغای سەر بە شارەدێی قورەتوو هەڤاڵ بە تاپر کوژراوە، کە پاسەوانی مەرەزە بووه.
زانیارییەکانی پۆلیس باس لەوە دەکەن، گەنجە کوژراوەکە لەگەڵ برایەکی دیکەی پاسەوانی مەرەزە بووە، دوای ئەوەی براکەی بەجێیهێشتووە و بەتەنها ماوەتە، گەنجەکە کوژراوە، دواتر ئەمڕۆ ماڵەوەیان ئاگادار کراونەتەوە کە کوڕەکەیان بە تاپڕ کوژراوە.
دواتر بۆ پشکنین، تەرمەکەی براوەتە بەشی پزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان.
پۆلیس ڕوونکردنەوەی لەسەر ڕووداوەکە دەستپێکردووە، لە ئێستاشدا برای کوژراوەکە کە شەو لە گەڵیدابووە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٥ بەند کراوە.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٢٩ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.
س.ح