سێشەممە, 14 أبر 2020 – 10:58 ڕۆژنیوز _ هاوڕێ كرێكار
بەهۆی ئەوەی نزیکەی سێ مانگە مووچەکانیان بۆ خەرج نەکراوە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە لە کۆی ١٧٠ کرێکاری پاککەرەوە لەناو شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ١٥٠-یان کارەکانیان ڕاگرت، ئەمڕۆش هیچ کرێکارێک نەچووەتەوە سەر کار.
ماوەی سێ ساڵە كۆمپانیای سهگرمه ئەرکی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سنووری ئیدارەی گەرمیانی وەرگرتووەو سنوری ١٥ شارهوانی پاک دەکاتەوە، زیاتر له هەزار کارمەندی هەیە و بۆ ههر كرێكارێك مانگانە ٣٠٠ ههزار دینار خەرجدەکات، بەڵام زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە مووچەیان پێ نەدراوەو وەزارەتی دارایی واژۆی لەسەر ئەو بڕە پارەیە نەکردووە کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە ئاڕاستەی کراوە.
مەولود عومەر، سەرپەرشتیاری گشتی کۆمپانیای سەگرمە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە هەرچەندە حکومەتی هەرێم ئاگاداری کێشەکەیە، بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.
ڕۆژانه له سنووری ئیدارەی گهرمیان، ٥٢٠ تۆن تۆن خۆڵ و خاشاك له گەڕەک و شوێنه گشتییهكان پاک دەکرێتەوە، ئەو کرێکارانە بەهۆی خراپی دۆخی دارایی کۆمپانیاکەوە، بەبێ دەمامک و دەستکێش شەقامەکان پاک دەکەنەوەو خۆڵ و خاشاکی ماڵان فڕێدەدەن.
بەوتەی خۆیان لەم قەیرانی کۆرۆناو مەترسییەدا، تا ئێستا دووجار دەستكێش و دەمامکیان وەرگرتووە، کە پێویست بوو ڕۆژانە لەگەڵ چوونیان بۆسەر کار، پێیان بدرێت.
کارکردنی ئەو کرێکارانە لە هەلومەرجێکی سەختی وەک کۆرۆنادا تەنها مەترسی لەسەر تەندروستییان دروست نەبووە، بەڵکو باری داراییشیان خراپ بووە و هیچ لایەکیش نییە هانای بۆ بەرن.
یاسر غهفور، كرێكارێكی پاككهرهوهی کۆمپانیاکەیە به ڕۆژنیو ڕاگەیاند، لهسهرهتای سهرههڵدانی مهترسی ڤایرۆسهكهوه دووجار دهمامك و دهستكێشیان پێداون، کە بە ناچاریی چەند ڕۆژێک بەکاریان هێناوە و دواتر کەڵکیان نەماوەو فڕێیانداوە.
عهبدوڵا ڕهعدیش کرێکاری هەمان کۆمپانیایە و وتی، خێزانێكی شەش كهسی بە مووچەیەکی ٣٠٠ هەزاری بەخێودەکات، بەڵام ئەوەشی پێ ڕەوا نابینین و کرێی زیاتر لە دوو مانگیان پێ نەداوە.
لەبارەی مەترسیی لەسەر تەندروستیی ئەو کرێکارانەوە، وریا محهمهد، لێپسراوی بهشی كۆرۆنا ڤایرۆس له تهندروستی گهرمیان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کرێکارانی پاککەرەوە زیاتر لە هەموو کەسێک ئەگەری توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشییەکانی دیکە هەیە.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی داوایکرد، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی بەپەلە لەو کرێکارانە بدەنەوەو دەستکێش و دەمامکیان بۆ دابین بکەن، تا بتوانن بە باشی کارەکانیان ڕاپەڕێنن و لەپاڵ ڤایرۆسەکەدا کارەساتی ژینگەییش دروست نەبێت.
ش.ف