پێنجشەممە, 23 أبر 2020 – 13:11 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی شاری هەولێر لە ١٠ دەزگای ڕاگەیاندن لەلایەن کارمەندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حوکمەتی هەرێمی کوردستانەوە سوکایەتییان پێکراوە و ئەوانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ناڕەزایەتیی خۆیان نیشاندا.
ئەو ڕۆژنامەنووسانە، کە تیمی ئاژانسی ڕۆژنیوزیشی تێدایە، لە ڕاگەیەندراوکەیاندا لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی هەرێم، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، سەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەو ڕووداوە ئاگادار دەکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”ماوەیەکە لەمیانی جێبەجێکردنی کاروبارەکانی رۆژنامەوانییمان، رووبەڕووی ھەڕەشە و سووکایەتی دەبینەوە لەلایەن فەرمانبەرێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان”.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە ئەمڕۆ لەکاتێکدا سەرقاڵی ڕووماڵ و گواستنەوەی هەواڵی چالاکییەک بوون، کە وەزیری تەندروستیی تیایدا ئامادەبوو، ئەو کەسە”دیسان وەک ھەمیشە ھات و بیانووی بە رۆژنامەنووسان گرت و دواجار وتی(ھەمووتان بە پێلەقە فڕێ دەدەمە دەرەوە) و ئێمەش بایکۆتی ڕووماڵەکەمان کرد و شوێنەکەمان بەجێھێشت”.
ئەو ڕۆژنامەنووسانە داوا دەکەن، کە “لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی بکەن بەپێی یاسای رێکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە ئیستیغلالی پۆستی وەزیفییان نەکەن بۆ ھەڕەشە و ھێرشکردنە سەر ھاووڵاتیان”.
ش.ف