دووشەممە, 1 يون 2020 – 12:57 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هەفتەی ڕابردوو، جورج فلوید کە گەنجێکی ڕەشپێستی ئەمریکی بوو، بە تۆمەتی پێدانی پارەی ساختە بە خاوەن فرۆشگەیەک و دوابەدوای سکاڵای ئەو کەسە، لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە بەشێوەیەک توند دەستگیرکرا و لە ئەنجامی توندوتیژی پۆلیس گیانی لەدەستدا.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کاتی دەستگیرکردنی ئەو گەنجە ڕەشپێستە و دواتر گیانلەدەستدانی، کاردانەوەیەکی زۆری لەناوخۆی ئەمریکا لێکەوتوە کە تا ئێستاش بەردەوامە و خۆپیشاندەران لە بەردەم کۆشکی سپی و چەندین شاری دیکە لەگەڵ پۆلیس پێکیانداداوە و ئاڵۆزی لە زۆر شوێن کەوتووەتەوە.
بە گوێرەی تۆڕی سی ئێن ئێن، لە ئێستادا بە لانیکەمەوە لە ٤٠ شاری ئەمریکا قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە ڕاگەیەندراوە و لە ١٥ ویلایەتی ئەمریکا گاردی نیشتمانی خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە سرڤیسی نهێنی ئەمریکا باسی لە برینداربوونی ٦٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکانی بەردەم کۆشکی سپی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو کردووە و ڕایگەیاندووە، “هەندێک لە خۆپیشاندەران چەندین جار هەوڵیانداوە بەربەستە ئەمنییەکانی کۆشکی سپی بشکێنن و زیانیان بە شەش ئۆتۆمبێلی پۆلیسی نهێنی گەیاندووە”، ڕاشیگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەرد، شوشە و تەرەقە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە برینداربوون.
ئاژانسی ‘بی بی سی’ـیش بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا، بڵاویکردووەتەوە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەلایەن تیمی پاسەوانییەوە، بۆ پاراستنی براوەتە پەناگاکانی کۆشکی سپی.
شەوی ڕابردووش لە شەشەمین ڕۆژی بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا، لە زۆرێک لە شارەکانی ئەمریکا، هەزاران کەس هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەر دوێنێش، ترامپ جارێکی دیکە گروپی دژەفاشیستی “ئانتیفا”ی تۆمەتبارکرد بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ توندوتیژی و هەڕەشەیکرد کە ئەم گروپە دەخاتە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانەوە.
ک.س