سێشەممە, 17 يول 2018 – 11:51 ڕۆژنیوز – سلێمانی
لە میانی بەشداریکردنی لە ٢٤ ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نابینایای کوردستاندا، قادر حەمەجان، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی سلێمانیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.
قادر حەمەجان، لە کۆنگرەکەدا وتی: داوامان لە لایەنەکان کردووە کە پێکەوە دابنیشین، تا ھەر کێشەیەک ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان یاخود عێراق پێکەوە چارەسەری بکەین، پێشوازی لە ھەموو لایەکیش دەکەین و ئامادەشین سەردانی لایەنەکان بکەین لەو پێناوەدا.
ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆش سەرکردایەتی یەکێتی بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی باش بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ و بارودۆخی یەکێتی و باروگوزەرانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەو دۆخەی کە پێیدا تێدەپەڕێت کۆدەبنەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەشڵێت: دۆخی ئێستا وا دەخوازێت کە ھەموو لایەنەکان پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو ئەگەرانە ببنەوە، کە ڕووبەڕووی نەتەوەکەمان دەبنەوە، تاوەکو پێکەوە ئاشتی و ئارامی نەتەوەکەمان بپارێزین، بۆ سەرخستنی داخوازی و دەواکارییەکانی گەلی کورد.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراقیش وتی: خۆپیشاندانەکان بەشێکی بۆ داواکردنی داواکارییەکانە و بەشێکیشی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانە، ئەو داوایانەش ڕەوان، بەڵام بە ھەموو جۆرێک دژ بە دروستبوونی کێشە و شەڕی تائیفی دەوەستینەوە.
ب.ل