پێنجشەممە, 18 يون 2020 – 09:55 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هاوپەیمانی نەسر، لە بە یاننامەیەکدا پێشێلکردنی سەروەری عێراقی شەرمەزار کرد و داوایکرد پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕابگیرێت و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە، “ئێمە پێشێلکاریی دووبارەی سەروەری عێراق شەرمەزار دەکەین و دەوڵەت بە بەرپرسی پاراستنی تەواوی پیرۆزییەکانی عێراق و خاک و خەڵکەکەی دەزانین”.
هاوپەیمانی نەسر داواشیکرد حکومەت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی سەروەری و شکۆی عێراق و بیپارێزێت، جەختیشیکردەوە کە ئەو پێشێلکردنە ئاڵۆزیی و پشێووی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات داواشیکرد وڵات لە کاریگەرییە خراپەکان بۆ سەر ئاسایش و سەروەری عێراق بپارێزرێت.
هاوکات حیزبی دەعوەی ئیسلامی، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە تورکیا کرد کە هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە و هەمان کات داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ پاراستنی سەروەریی سەرتاسەری عێراق ئەرکی نەتەوەیی خۆیان پێکبهێنن.
هەروەها داوایکرد هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق و کوردستان بکشێتەوە و ڕێز لە سەروەریی عیراق بگرێت.
حیزبی دەعوە، داواشی لە دەوڵەتی تورک کرد هێزەکانی لەتەواوی عێراق بکشێنێتەوە و بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان پابەندبێت بە پەیوەندی برایەتی و دراوسێی باش و هیواشی خواست حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی نەتەوەیی خۆیان پێکبهێنن و ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی وەک یەک چارەسەر بکەن.
ک.س