شەممە, 4 أغس 2018 – 15:50 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکان ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە و ئەنجامەکانی ئەو چالاکییانەی خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: دوێنێ لەنزیک هەرکیی سەربە شەمزینانی جولەمێرگ چالاکییەک لەدژی یەکینەیەکی نهێنیی سوپای تورک ئەنجامدرا، ئەو چالاکییە کاتژمێر ٠٩:٥٠ خولەک ئەنجامدرا و تێیدا سەربازێک کوژرا، کاتژمێر ١٠:١٥ خولەکی بەیانیش لە گردی شکێرەسپیی سەربە شەمزینان چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران، ئەوانی دیکەشیان گردەکەیان بەجێهێشت و ڕایان کرد.
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەر دوێنێ کاتژمێر ١٠:١٠ خولەکی شەو لە دەوروبەری گەڤەری جولەمێرگ، لە دژی کاروانێکی سوپای تورک کە لە بارەگای وەرگەنمەوە بەرەو ناوندی گەڤەر بەڕێوەبوو، چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورک تێکشکێندرا و ١٠ ئەندامی هێزە تایبەکانی سوپای تورک کوژران.
هەپەگە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: دوێنێ کاتژمێر ٠٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ گەریلاکانی یەژاستار لەسەر گردی شەهید سۆرخوێنی سەربە شارۆچکەی بەرواریی سێرت، لە سێ قۆڵەوە چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا چوار سەرباز کوژران.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٨:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی گەریلاکانی یەژاستار هەر لەو شوێنە یەکینەیەکی دیکەی سوپای تورکیان کردە ئامانج، لەوێشدا دوو سەربازی سوپای تورک کوژران.
س.ح