هەینی, 1 ماي 2020 – 10:44 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکارەکان دژ بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوڵاتیانی ئەمریکا کەوتوونەتە دۆخێکی قورس و بێ متمانەییەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ ڕێکارەکان و بە سیاسەت پەسنی دەدەن.
لە ویلایەتی مەشیگن هاوڵاتیان دوێنێ بە چەکەوە چوونە سەر بارەگای کابیتۆل ئەو شوێنەی کە نوێنەرانی پەرلەمانی ویلایەتەکەی لێ دادەنیشن و داوایانکرد ڕێکارەکان سوک بکرێن.
بە دەیان چەکدار بە دەمامک و چەکەوە لە لانسنگی ناوەندی ویلایەتەکە هەڵیانکوتایە سەر بارەگا پەرلەمانییەکە و بەشێکیان لەلایەن پۆلیس و پاسەوانەکانەوە ڕێگە دران بچنە ژوورەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەرەکانیان.
خۆپیشاندەران دروشمی “کۆبونەوەی نیشتیمانی ئەمریکا” “مەشیگن یەک دەنگە لەپێناو ئازادیی” یان بەرز کردبووەیەوە و دەیانوتەوە.
ئەوەش دووەم جارە کە لەو مانگەدا خۆپیشاندەران بە چەکەوە لەو شارە دەڕژێنە سەر شەقامەکان، بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو ویلایەتە گیانیان لەدەستداوە.
ش.ف