شەممە, 30 ماي 2020 – 07:25 ڕۆژنیوز- هەولێر
https://youtu.be/djcHNHdmr_0?t=13″>
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارن، ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناو بەشێک لە پەرلەمانتارانیش داوایانکرد سەرۆکی حکومەت بچێتە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە لەسەر کۆی ئەو قەرزە بدات، کە هاتووەتە ملی هەرێمەکە.
عەلی حەیدەر گەنجێکی دانیشتووی هەولێر و دەرچووی دانەمەزراوە، دەڵێت تا ئێستا یەک دیناری لە حکومەت وەرنەگرتووە، حکومەت هیچ پرۆژەیەکی لە بەرژەوەندی دەرچووانی دانەمەزراو جێبەجێ نەکردووە، هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژیشی لە هیچ شارێک ئەنجام نەداوە، سەرباری ئەوەش مووچەی مووچەخۆران قەرزارە و خزمەتگوزارییەکانیش لە ئاستی پێویستدا نین.
بەڕای ئەو گەنجە، نەک خەلكی هەولێر، بەڵکو تەواوی توێژە جیاوازەکان لە هەرێم بڕوا بە سەرۆکی حکومەت و هیچ بەرپرسێکی دیکەی حکومەت ناکەن کە باس لە قەرزاربوونی حکومەت بکەن، چونکە داهاتی زیاترە لە خەرجیی.
شلێر محەمەد-یش دانیشتووی هەمان شارە و پێیوایە نە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی ئەوەدان کە حکومەت قەرزار بووبێت لەسەریان و نە مووچەی فەرمانبەرانیش لەکاتی خۆیدا دابەشکراوە.
شلێر باس لەوە دەکات، هەم بێکاریی و هەم کەمی خزمەتگوزاری بەرۆکی خەڵکی گرتووە، بەو حاڵەشەوە حکومەت هەر قەرزارە و دەیەوێت خەڵکی بڕوا پێ بهێنێت کە خزمەتی کردووە!.
بەوتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ٨٠٪ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ ٢٠٪ی دانیشتوانی هەرێم تەرخانکراوە، کە لە مووچەدا خەرج دەکرێت، کە ژمارەیان ملیۆنێك و ٢٥٥ هەزار و ٢٧٣ کەسە.
ش.ف