پێنجشەممە, 14 يون 2018 – 10:09 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پەیەدە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان بڵاوکردەوە و بانگەوازیی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کرد.
لە راگەیەندراوی پەیەدەدا هاتووە: تێپەڕکردنی سنوورەکانی باشوری کوردستان و عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێش هەموو شتێک تاوانێکی ئاشكارا و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، دەوڵەتی تورک بە قڕکردن و ئینکارکردنی هەبوونی گەلی کورد سەرچاوەی هەموو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
هەروەها هاتووە: قەیرانە سیاسییەکان لە ناوخۆی تورکیا پێدەنێنە سێیەم ساڵییەوە، دەوڵەت بەبەهانەی دۆخی نائاسایی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لەدژی هاوڵاتیان ئەنجام دەدات، بەو شێوەیە تورکیا بووەتە زیندانێکی گەورە، بەوانەشەوە شانسی دەوڵەتی تورک بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا زۆر کەمە، بۆخۆشیان باش ئەوە دەزانن بۆیە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشەختەیان دەرکرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی پەیەدەدا هاتووە: ئێمە وەک ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان شەرمەزاردەکەین و تورکیا بە دوژمنێکی گەورەی کوردستان و عێراق دەزانین، مەبەستی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە نەک تەنیا قەندیل، بەڵکو داگیرکردنی زاخۆ، هەولێر، شەنگال و نەینەوایە، هێرش بۆسەر باشوری کوردستان هێرش بۆسەر هەموو کوردستانە.
پەیەدە هەروەها بانگەوازیی پێکهێنانی هەرچی خێراتری کۆنگرەی نەتەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە کوردییەکانی کردووە، بانگەوازیی لایەنە دیموکراسیخوازەکانی سوریا و عێراقیشی کردووە، کە لەدژی ئەو داگیرکارییانە بوەستنەوە.
س.ح