پێنجشەممە, 21 يون 2018 – 16:47 ڕۆژنیوز – کەرکوک
کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، مەحمود محەمەد، ناسراو بە مەلا فەرمان، باژێروانی شارۆچکەی دوبز-ی بزووتنەوەی گۆڕان، دەربارەی دۆخی ئەمنیی کەرکوک، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە مەکۆی کەرکوکی گۆڕانس ئەنجامدا.
مەحمود محەمەد، ناسراو بە مەلا فەرمان، باژێروانی شارۆچکەی دوبز-ی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە، دۆخی ئەمنیی کەرکوک ناجێگیرە، ڕۆژ نییە ڕووداوی ئەمنی لەم شارە ڕوونەدات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە نامۆیەی کە لە کەرکوک جێگربوونە، هەرچەندە هێزەکان عێراقیشن.
وتیشی: ئێمە داوامان لە سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، کە سەردانی مەیدانی کەرکوک بکەن، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، هەروەها داوامان کردووە وەک فراکسێۆنی گۆڕان کار بکرێت بۆ جێبەجێکردنی مادەی ۱٤۰، چونکە تا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت، ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە نابینیت.
باژێڕوانی شارۆچکەی دوبزی گۆڕان، ڕوونشیکردووە: تا بەرەو باشوری کەرکوک بڕۆین، دۆخەی ئەمنی خراپترە، بۆیە پێویستە ئێمە و هاوڵاتیان فشاری مەدەنی دروستبکەین، بۆ ئەوەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروستبکرێت، بۆ ئەوەی هێزی کوردی ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی کەرکوکییەکان“.
ب.ل