یەكشەممە, 24 يون 2018 – 18:08 ڕۆژنیوز – سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، لە لایەن ڕێکخراوی بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆی کوردستان و هەروەها بە بەشداری هاولاتیانی باشورو ڕۆژهەلاتی کوردستان، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە گیراوی سیاسی کورد ڕامین حسێن پەناهی، گردبوونەوەیەک ڕێکخرا.
گردبوونەوەکە بە بەشداری چالاکوانان و هاوڵاتیانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها حزبی کۆمەڵەی شۆڕگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی ڕامین حسێن پەناهی و دروشمەکانی “سزای لە سێدارەدانی ڕامین دەبێت هەڵوەشێتەوە – تەنیانیم و نەتەوەیەک پاڵپشتمە – نا بۆ لە سێدارەدانی ڕامین – سێدارە کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتە”، بەڕێوەچوو.
لە گردبوونەوەکەدا ڕەفێق حسێن پەناهی برای ڕامین، وتی:”کۆماری سێدارە بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی قێزەونی لەسێدارەدان دەیەوێت ڕۆڵەکانی کورد لە ناوببات و درێژە بە تەمەنی دیکتاتۆریەتی خۆی بدات، بۆیە با هەموومان پێش بەو سزایە بگرین تا بەهۆی ڕامینەوە کۆتایی بە لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانیتر بێت.
براکەی ڕامین ڕوو لە پەرلەمانی هەرێم و حزبە سیاسییەکان وتی: داوا لە پەرلەمان و سەرجەم حزبە سیاسییەکانی باشور دەکەم، کە پشتیوانێ بەهێزی کوردانی ڕۆژهەڵات بن و بە هەڵوێستیان فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی ڕامین بکەن.
گردبوونەوەکە، لە دوای قسەکردنی چەند کەسێک، کە سەرجەمیان داوای نەمانی سزای سێدارەیان دەکرد و وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.
س.ح