دووشەممە, 2 يول 2018 – 11:18 ڕۆژنیوز – سلێمانی
سوپای توركیا لە سنوری برادۆست دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە و بەردەوام بۆردوومانی سنورەكانی هەرێمی كوردستانی دەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی كردارییان بۆ ڕێگریكردن لەو پێشێلكاریانەی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان هەڵنەگرتووە.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیوایە، كە حكومەتی عێراق بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە لە بەرامبەر پێشێلكارییەكانی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی ئەوان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریان داوە كە حكومەت كار بۆ دەركردنی سوپای بێگانە بكات لەسەر خاكی عێراق، بەڵام حكومەت بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: حكومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە دەتوانێت بە ئەركی خۆی هەڵسێت و ڕێگا لە پێشێلكاریەكانی توركیا بگرێت، بەڵام حكومەت لەو بوارەدا مامەڵەیەكی دوو دڕوویی دەكات، دەشڵێت: چەندین جار داوامان لە حكومەتی عێراق كردووە، كە داوا لە توركیا و ئێران بكات ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرن، بەڵام حكومەت هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە نانێت.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئەركی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە لەو بارەیەوە، چونكە وەك سنور ئەو ناوچەیە سنوری دەسەڵاتی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: ئەوان ئەركی خۆیان لە بەغدا جێبەجێ كردووە و لە پەرلەمان بڕیاری پێویستیان لەو بارەیەوە دەركردووە.
جاف وتیشی: ئەو هەڵسوكەوتەی حكومەتی عێراق واتای ئەوەیە، كە ڕازییە بەو پێشێلكاریانە، چونكە ئەگەر ڕازی نییە بۆ بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جێبەجێ ناكات؟
ك.ك