پێنجشەممە, 12 أبر 2018 – 11:42
ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد
بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان داوا دەکەن، کە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان هێمن بێت و دوربێت لە بەکارهێنانی زمانی زبر و ڕەچاوی باری دەروونی هاوڵاتیان بکرێت.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بینای بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شاری سلێمانی، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پەیام و ڕێنمایی خۆیان ئاڕاستەی ڕاگەیاندنەکان و لایەنە سیاسییەکان کرد سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵانی ڕابردوو لە کاتی بانگەشەکاندا لایەنە سیاسییەکان لە دەزگا میدیایەکانیاندا یەکتریان دەشکاند و توندوتیژی لێدەکەوتەوە.
ژینۆ محەمەد، ڕۆژنامەنووس بەیاننامەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: داواى بەپەلە لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەین لەئاستى ئەو بارگرژییە بهێننە خوارەوە و لەوە تێبگەن قەناعەت پێهێنان بەدەنگدەر و بە کۆکردنەوەى دەنگ لە ڕێى یەکتر شکاندنەوە نابێت.
هەروەها داوایان لە لایەنگرانى هەموو هێزە سیاسییەکان هەبوو، کە ئەو ڕاستییە تێبگەن بانگەشەى هەڵبژاردن تەنیا چەند ڕۆژێکى کەمە و هێندە هەڵناگرێت لایەنە سیاسییەکان ناکۆکى و بارگرژى لەگەڵ براکانیان دروست بکەن، بەڵکو هەریەکە و بەشێوازێکى دیموکراسییانە بە گیانێکى مۆدێرنەوە بانگەشە بکەن و لایەنداریى خۆیان بۆ هێزەکان دەرببڕن.
لە بەیاننامەکەشدا ڕاشیانگەیاند کە، گرنگە ڕەچاوى لایەنى دەروونى هاوڵاتیان بکرێت و هێندەیتر ماندوو نەکرێن، هەموو ئەو بانگەشانەى کە دەکرێت لە ماوەى ئەو چەند ڕۆژەدا دووربێت لە بەکارهێنانى زمانى زبر و لە چوارچێوەى یاساکانى هەڵبژاردن دابێت.
هەروەها کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرەکەدا وتی: ئێمە لە ماوەکانی دواتردا لیژنەیەک دروست دەکەین بۆ چاودێری کردنی بانگەشەکان و هەر لایەنێک یاخود کەناڵ و ڕۆژنامەنووسێک سکاڵای هەبوو دەتوانێت بێت و سکاڵا تۆمار بکات و ئێمەش لە لایەنی یاسایی لەگەڵی دەبین.
کاروان ئەنوەر، رێنماییەكانی لقی سلێمانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن خستەڕوو، کە بریتین لە:
1- تۆمەتبارنەكردنی لایەن و قەوارەو تاقمی بەرامبەر بەبێ بنەماو بەبێ بەڵگەی یاسایی.
2- رەچاوكردنی زمان و پاراستنی زمانی میدیا لە زاراوەی ناشایستەو نەشیاو..
3- بەشداری پێنەكردنی منداڵان لەكۆڕو كۆبوونەوەو مەراسیمەكاندا.. وەك ئامێرێك بۆشەڕەپەڕۆ بەكارنەیەن، چونكە كاردانەوەی دەروونی خراپی لەسەر پاشەرۆژیان دەبێت.
4-پاراستنی حورمەت و ئایین و ئایینزاو و كلتورو هەست و نەستی تاكی كورد و كەمەنەتەوایەتیەكانی تری كوردستان تەنانەت لە دانانی كۆمێنتەكانیشدا..
5- ئەو كەناڵانەی تا ئێستا مۆڵەتی رەسمییان نیە یان نەوەستاون تا دەرچوونی بڕیاری مۆڵەت.. دەست بەكاربوونی هەندێك لەو كەناڵانە، لەبانگەشەدا دەبنە ئامانجێكی ئاسان بۆ راگرتن یان داخستن.
6-تۆخ نەبوونەوەی تەواوی بەرژەوەندی تاك بە سەر بەرژەوەندی گشتییەوە لەزمان و پەیام و بەكارهێناندا، با بیرمان نەچێت میدیا بۆ تاكەكەسەكان دروست نەكراوە و موڵكی بیری گشتییە..
7-پەنا نەبردن بۆ سڕینەوەی مێژوو خەباتی حزب و لایەن وتاقم و كەسایەتی تر كە لای ئەوان پیرۆزییەو لێدان و بریندار كردنی بەرامبەر گرژی لێدەكەوێتەوە..
8-دەست نەبرێت بۆ سنووری رەفتارو ئەخلاق و ناوناتۆرەو و رەوشتی تاكەكان چ سەرۆك لیستەكان یان كاندیدەكان..
9-پاراستنی حورمەتی خێزان و كلتوری كوردەواری و پەنا نەبردنە بەر هەندێك زاراوەو وشەی ئەوتۆ كە لەم چەند مانگەی رابردوودا زۆر بە بێشەرمانەوە لە هەندێك كەناڵدا بەكارهاتوە..
10-رەچاوی بارودۆخی تایبەتی سلێمانی لەم هەڵمەتەدا بكرێت.. كە زۆرینەی لیست و قەوارەكان بنكەی سەرەكیان لەم شارەدایە.
11-بیرمان نەچێت ئەم هەڵمەتە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بەغدایە و دەرئەنجام هەموو دەنگەكان لەودیوی حەمرینەوە دەبنەوە بەیەك.
١٢ی مانگی داهاتوو، ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و بە هەزاران کەسیش لەناو لایەنە سیاسییەکاندا خۆیان کاندید کردووە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی دەکەن، وە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارندەکانی عێراق ١٥-٤ی وەک وادەی بانگەشە داناوە.
س.ح