یەكشەممە, 27 ماي 2018 – 13:09 ڕۆژنیوز – ئاوات پووری
بەمەبەستی نرخاندنی کەیسی ڕامین حسێن پەناهی، ڕۆژنیوز خۆی گەیاندە حسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەرەکەی ڕامین و بە لێدوانێکی تایبەت هەوڵیدا لە ڕووی یاساییەوە زانیاریی لەسەر کەیسەکەی بخاتەڕوو.
لایەک حکومەتە بە هەموو هێزییەوە و لایەک ڕامین بە خۆیی و ٧٠ کیلۆ کێشیەوە
ئەحمەدی نیاز لە سەرەتای قسەکانیدا بەمشێوەیە تۆمەتی “بەغی”ی شیکردەوە و چۆنییەتی سەپاندنی بە سەر رامین حسێن پەناهیی خستەڕوو:”تۆمەتی ‘بەغی’ کە بەسەر ڕامین حسێن پەناهیدا سەپێندراوە، بەپێی مادەی ٢٨٧ی یاسای سزای ئیسلامیی لە ئێران، بە شەڕی چەکداری لەدژی حکومەت، ئیمام و حاکم، بە تاوان لەقەڵم دەدرێت، لەو ماددە یاسایەدا دەبێت سەرنجی چەند خاڵێک بدەین:
یەکەم، ڕامین بە شەڕکردن بەرامبەر حکومەتی ئێران تۆمەتبارە نەک کەس یان کەسانێک.
دووەم، لەوڕووەوە مادام کە شەڕەکە بە دژی حکەمەت دەزاندرێت، دەبێت لەدادگای تاوانە سیاسییەکاندا دادگایی بکرێت.
سێیەم، لەو مادەیاساییە سکاڵاکار حکومەتە، کەوایە ئەو لایەنەی لەدژی حکومەت شەڕی ڕاگەیەندووە، دەبێت هێزێکی لانیکەم یەکسان بە حکومەتی هەبێت، واتە ئەوەندەی سوپا و ئەرتەش هێزی هەبێت، لە کەیسی ڕامین حسێن پەناهیدا ئەو یەکسانییە بوونی نییە.
چوارەم، بەپێی مادەی ٣٤ی دەستووری ئێران، پرۆسەی دادگاییکردن و سزادان دەبێت دادپەروەرانە بێت، بەڵام لە کەیسی ڕامیندا پاسەوانەکان و کارمەندەکانی سوپا و ئیتلاعات لە خۆیانن، دادگای شۆڕش و دادوەریش هەر لەوانن، لە بەرامبەردا برییگرتە وەستاوە بە ٧٠ کیلۆ کێشی جەستەیەوە کە دەنگی ناگاتە هیچ کوێ، بۆیە لە ئەساسدا پرۆسەی دادگاییکردن دادپەروەرانە نییە”.
سزای ڕامین بەلانی زۆرەوە ساڵێک زیندانە
لەبارەی ڕاست نەبوونی شەڕی چەکداری بۆ رآمینیش وتی:”ڕامین لە هەموو قسەکانیدا بەئاشکرا وتوویەتی کە شەڕی چەکداریی نەکردووە، هەرگیز ئەو تۆمەتەی قبوڵ نەکردووە و لەکاتی دەستگیربوونیشیدا بووراوەتەوە و کەسێکی بووراوە ناتوانێت تەقەی کردبێت یان شەڕی کردبێت، لەلایەکی دیکەوە ڕامین ڕایگەیاندووە، کە بۆ سەردانی دایک و باوکی چووەتەوە کوردستان و هاوکات سزای ئەندامبوونی کۆمەڵە و بانگەشەکردن بۆی ناتوانێت سێدارەبێت، سزاکە بەلانی زۆرەوە ساڵێک زیندانە.
سزای سێدارە بۆ ڕامین دژ بە یاسا و دەستووری ئێرانە
حسێن ئەحمەدی نیاز زیاتر دواو، وتیی: دادگا بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعات و سوپا و خۆی سزاکەی دەرکردووە، من وەک پارێزەری ڕامین ئەو سزایە بە سزایەکی دژ بە یاسا دەزانم.
ڕامین ئەشکەنجەدراوە و دادگا بۆی نییە پشت بە هیچ کامە لە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعات بەستێت
پارێزەری ڕامین حسێن پەناهی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕامین لە دانیشتنی دادگای ١٤ی مانگی شوباتی ئەمساڵدا وتی، کە لە زیندانی ئیتلاعات دا ئەشکەنجەدراوە، هەرچەند من لەو بارەیەو هۆشداریم دایە دادگا، بەڵام دادگا تا ئێستا لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەی نەکردووە، بەپێی مادەی ٣٨ی دەستوور هەموو جۆرە دانپێدانانێک کە لە ژێر ئەشکەنجە وەرگیرابێت بەتاڵە و باوەڕپێکراونییە، بۆیە ئەو ڕاپۆرتانەی ئیتلاعات کە ڕادەستی دادگای کردوون لەڕووی یاساییەوە بەتاڵن.
ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی پار دەستگیرکرا و پاشان لەلایەن لقی سنەی دادگای “شۆڕشی ئیسلامیی”یەوە، بە تۆمەتی ‘بەغی’ واتە شەڕ لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
س.ح