سێشەممە, 16 يون 2020 – 14:01 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ فاتح یەڵدز، باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە عێراق، لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی وەزارەتەکەی کرد و لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوە عەبدولکەریم هاشم کۆبوەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کۆبونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پێدانی ڕوونکردنەوە و پاساوی ئەو وڵاتە لەسەر هێرشەکان.
بەیاننامەکە دەڵێت: لەلایەن بریکاری وەزارەتی دەرەوە عەبدولکەریم هاشمەوە یاداشتێک ڕادەستی باڵیۆزی تورکیا کراوە کە تایبەت بووە بە هێرشەکانی تورک و لەو چوارچێوەیەشدا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی کردووە بۆسەر ئاسمان و خاکی عێراق.
هەروەها دەڵێت: ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو هێرشانە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی هاوڕێیانە و بنەماکانی دراوسێیەتی و ڕێزگرتنی هەردوولان.
لەو یاداشتەدا داوا لە دەوڵەتی تورکیاش کراوە هێرشە سەربازیەکانی ڕاگرێت، عێراقیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاری هاوبەش لە پاراستنی سنورەکان بەجۆرێک کە لەبەرژەوەندی هەردوولا بن.
هەروەها داواش لە باڵیۆزی تورکیا کرا کە ئەو یاداشتە بگەیەنێت بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی تا ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشانەو ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا.
ک.س