چوؤرشەممە, 29 أغس 2018 – 09:45 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە تا دێت قورستر دەبێت، هەر جارەو بەباهەنەیەک رێگری دەکرێت لە خانەوادە و پارێزەرانی سەردانی بکەن، لەو بارەیەوە لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.
نێروەیی ڕایگەیاند، کە ڕێگەنەدان بە خانەوادە و پارێزەرانی بۆ ئەوەی سەردانی بکەن هیچ خزمەتێک بە پرۆسەی ئاشتی ناکات و بەم شێوەیە بەردەوامیی بە قسەکانیدا: ئۆجالان ساڵانە بانگەوازی ئاشتی دەکات، خاوەنی پرژەیەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورد، زیندانکردنی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارە کوردەکان، دۆخی ئاڵۆزی ئێستای تورکیا زیاتر نائارام دەکات، لەلایەکەوە گوێگرتن بۆ پەیام و پرۆژەی ئۆجالان دەتوانێت ڕێگا بۆ پێکهێنانی ئاشتی و ژیانی هاوبەشی گەلان بکاتەوە، تەنیا پرۆژەی ئۆجالان دەتوانێت ئاشتی پێک بێنێت و کۆتایی بە شەڕ و کوشتاری تورکیا بێنێت.
لەتیف نێروەیی لە بەردەوامیدا وتی: کلیلی چارەسەریی پرسی کورد لە ئیمرالییە، هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ژیانی هاوبەش و ئاشتی و چارەسەریی کێشەکان بە دیالۆگ هەیە، دەبێت بۆ ئازادی ئۆجالان هەڵوێستیان هەبێت، هەروەها پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان هەوڵبدەن و چالاکی ئەنجام بدەن.
س.ح