وه‌زیری ته‌ندروستی: ٨٪ی توشبووان سەرچاوەی توشبوونیان دیار نییە

وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، کە ئەو توشبووانەی ئێستا تۆمار دەکرێن، هەر توشبووی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنایە، بەڵام ژمارەکەی هەڵکشاوە، دەشڵێت: مەترسی توشبووانی نوێ لەوەدایە، کە ٨٪ی توشبووان سەرچاوەی توشبوونیان دیار نییە، ئاماژە بەوەشدەکات، کە بەهاوکاری وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام دەبن لە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.


ئەمشەو دکتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، کۆنگەرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەشاری هەولێر ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، سامان بەرزنجی وتی: ساڵانه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پلانی تایبه‌تی بۆ ڕۆژانی جه‌ژن ده‌بێت، ئه‌مساڵ به‌هۆی ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا پلانێكی تایبه‌تی بۆ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی دانراوه،‌ له‌ به‌رده‌وامی گه‌ڕان و پشكنین و ڕێكاری ته‌ندروستی پێویست ئه‌نجام ده‌درێت، تیمه‌كانی خۆپارێزیی و نه‌خۆشخانه‌كانی فریاكه‌وتن و تاقیگه‌ و چاره‌سه‌ر كردن له‌ سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنا به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه‌ .

وتیشی: له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ قۆناغ به‌ قۆناغ ڕێكاری پێویست بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونه‌ته‌به‌ر، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ٤٧٦ حاڵه‌ت تۆمار كراوه‌، پێنج حاڵه‌تی مردن تۆمار كراوه‌، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كانی تیمی پسپۆڕی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی تۆمار كراون به‌رده‌وامی و درێژه‌پێدانی شه‌پۆلی یه‌كه‌می ئه‌و ڤایرۆسه‌یه‌ و له‌ هه‌ڵكشانی دووه‌مه‌، به‌ڵام  ته‌شه‌نە كردنی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ده‌ست ده‌رنه‌چووه‌ .

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە هەڵکشانی توشبووان کرد لە عێراق و وتی: ئه‌مڕۆ زۆرترن ژماره‌ له‌ عێراق تۆمار كراون كه‌ 308 حاڵه‌ت بوون، زۆربه‌یان لە به‌غدا بوون، له‌ زۆر وڵاتان ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ هه‌ڵكشانه‌، ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و ڤایرۆسه‌ بوونی هه‌یه‌ و ترسناكی ئه‌وجاره‌ی له‌كاتی ئێستا ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی تری هاوڵاتی توشبوون‌ به‌بێ دیار بوونی سه‌رچاوه‌ی توشبوونیان، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ترسناكی و هه‌ڵوه‌ستیه‌ و پێویسته‌ هاوڵاتیان خۆپارێزیی به‌ ڕێكاری گرنگ وه‌ربگرن بۆ ئەوه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كات.

دکتۆر سامان بەرزنجی هەندێک زانیاریی لەبارەی توشبووانی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو وتی: ڕێژه‌ی مردن به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا  له‌ ١% ئه‌وه‌ش ڕێژه‌یه‌كی كه‌مه، ڕێژه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ ١.٦% ، ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌ ٩٢% به‌هۆی به‌ركه‌وتن بووه‌ و ٨% سه‌رچاوه‌ی دیار نییه‌.

لەکۆتایشدا وەزیری تەندروستی وتی: پلانی داهاتوومان به‌رده‌وامییه‌ له‌ تێستكردن و پشكنین له‌و كه‌سانه‌ی به‌ركه‌وتنیان هه‌بووه‌ یان ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، تا ئێستا زیاتر له‌ ٦٧ هه‌زار پشكنین كراون، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ڕێكاره‌كان، داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن.

د.ع